Print this page

مه‌كته‌بی سیاسیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی پارتی پارێزگارانی كوردستان پیرۆز دەكات

أيلول/سبتمبر 03, 2026

هەولێر – میدیا:

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، بەبۆنەی تێپەڕبوونی (35) ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی پارێزگارانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مه‌كته‌بى سياسيى و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو پارتە ده‌كات و تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی و يه‌كهه‌ڵوێستى لایەنە سیاسییەکانى كوردستان لەم قۆناغەدا ده‌كاته‌وه‌.

لە پەیامەکەی YNDKداهاتوو: بەناوی خۆمان و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی مه‌كته‌بى و ئه‌ندام و لايه‌نگرانى پارتی پارێزگارانی کوردستان دەکەین. خوازیارین ساڵیادی دامەزراندنی ئەمساڵتان ببێتە هەوێن و هاندەرێک بۆ پێشڤەچوونی زیاتر لە خەباتی سیاسی و نیشتمانیتاندا.

مەکتەبی سیاسیی YNDK ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی پارتی پارێزگارانی کوردستان کردووە ده‌ڵێت: پارتەکەتان هەمیشە چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی نیشتمانپەروەران و پارێزەرانی خاک و وڵات، هەروەها بەردەوام خەباتی کردووە بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و ئامانجی سەربەخۆیی كوردستان.

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، تیشک خراوەتە سەر هاوکێشە سیاسییەکانی ئێستای باشوورى کوردستان و ناوچه‌كه‌دا تيادا هاتووە: ئەوەی لەم قۆناغەی ئەمڕۆماندا زۆر گرنگ و چارەنووسسازە، پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە؛ ئەمەش لە پێناو به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى گه‌لى كوردستان و، هاوکات بەرگری کردن لە مافە نەتەوەیییەکان و پاراستنی دەستکەوتەكانى باشوورى كوردستان.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK دووپاتی کردەوە: لەم بۆنە پيرۆزه‌تاندا، جارێکی تر جەخت لەسەر زیاتر توندوتۆڵکردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی برایانەی نێوانمان و تەواوی هێز و لایەنەکانی کوردستان دەکەینەوە، هیواخوازین هەمیشە بەردەوام و سەرکەوتوو بن لە کاروانەکەتاندا.